تشرینی دووەم 28, 2020

په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و چین به‌ره‌وكوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟

وێڕای هەڕەشەکانی ئەمەریکا لەسەر دانانی تاریفی نوێ لەبەرانبەر بازرگانیەکانی چیندا، بەڵام ئیسرائیل هانی کۆمپانیایەکانی دەدات بازرگانیەکانیان لەگەڵ چین گەشەپێبدەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) پەیوەندی بازرگانی لەنێوان ئیسرائیل و چین لەئاستێکی گەورەدایە و بەرەو باشتری دەڕوات، وە سیاسەتە بازرگانیەکانی ئەمەریکا بۆ بازرگانیەکانی لەگەڵ چین بەرەو دانانی تاریفی نوێن بەتایبەتی کەچی ئیسرائیل کە دۆست و هاوپەیمانی دێرین و ستراتیژی ئەمەریکایە پەیوەندییە بازرگانیەکانی لەگەڵ چین بەبێ گوێدانە ئەو نیگەرانیانەی ئەمەریکا بەهێزتردەکات.
چین دووەم گەورەترین وڵاتی جیهانە و یەکێکیشە لەگەورەترین هاوردەکارەکانی گەردون، لەکاتێکدا ئیسرائیل ڕووبەڕێکی بچوکی هەیە لەچاو چین وە چل و پێنجەمینیشە لەئاستی وڵاتانی هەناردەکاردا، کەواتە دەبێ چی چین سەرسامی چی بێت لەئیسرائیل و هاوردەی وڵاتەکەی بکات، وە لەسەرووی ئەوەشەوە هەمیشە ئیسرائیل هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکابوە و، لەبازرگانیشدا بەهەمان شێوە پەیوەندی بەتینیان هەبوە، بەڵام ئیسرائیل پەیوەندییە بازرگانیەکانیشی لەگەڵ چین بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆر بردۆتە سەرەوە.
ئەگەر باس لەجەنگی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و چین بکرێ، بێگومان خەیاڵ بۆ ئەوە دەچێ کە دەبێ ئیسرائیل لەلای ئەمەریکا بوەستێ، بەڵام ئەوەی کەتائێستا زۆربەی خەڵکی نایزانن ئەوەیە کە چین وەبەرهێنانی گەورەی لەئیسرائیلدا هەیە و بەردەوامیشە لەبەرەوپێشەوەبردنی، وە لەهەمان کاتدا ژمارەی کۆمپانیاکانی ئیسرائیل لەچین لەبەرزبونەوەدان ئەوەش یاسای پاراستنی بەرژەوەندییەکان دێنێتەپێشەوە و لەوانە ئیسرائیل لەتەنیشت هەردوولادا بوەستێ.
لەماوەی ڕابردوودا (دۆناڵد ترەمپ) ئاماژەی بەدانانی تاریفە بازرگانیەکان کرد بەجۆرێک بەقازانجی ئەمەریکابن، وە بەئاشکرایش ئاماژەی بۆ بازرگانیەکانی لەگەڵ چین کردوە، بەڵام وێڕای ئەو هەڕەشە بازرگانیانە (بنیامین ناتانیاهۆ)ی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لەکۆمپانیاکانی وڵاتەکەی کردوە گرنگی زیاتر بەوەبەرهێنان لەگەڵ چین بدەن.
لەساڵی (٢٠١٦) ەدا وەبەرهێنانە ڕاستەوخۆیەکانی چین لە ئیسرائیل بەرزبونەوە بۆ (١٦ ملیار دۆلار)، وە (ئۆرشەلیم پۆست) لەڕاپۆرتێکدا پێشبینی ئەوەی کردوە کە چین پێش ئەمەریکا دەکەوێتەوە لەوەبەرهێنانی بازرگانی لەوڵاتی ئیسرائیلدا، کەواتە چی وایکردوە ئەو دوو وڵاتە بەو ئەندازەیە لێکنزیک ببنەوە و بازرگانیەکانیان پێکەوە لەو ئاستەبەرزەدا بەردەوامی پێبدەن، وە نیگەرانیەکان چین؟
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ئابوری ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو بەپشتبەستن بەخۆیان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەتی لەبواری تەکنۆلۆجیادا زۆر سەرکەوتوون.
شارەزاییان دەڵێن چین بەدوای تەکنۆلۆجیای ئیسرائیلەوەیە و دەیەوێ لەبواری تەکنۆلۆجیای ئەو وڵاتەدا قازانج بەدەستبهێنێت، وە ئیسرائیلیش دەیەوێ لەبازاڕی چیندا دەرفەتێک بۆخۆی بدۆزێتەوە و بازاڕی گەرم بکات.
لەو بارەیەوە (هاگای تال) بەڕێوەبەری جێبەجێکار لەتاپتیکا کۆمپانیای موبایل و بڵاوکردنەوەی ئیسرائیل گوتی، چین لەڕێگای تەکنۆلۆجیای ئیسرائیلەوە دەیەوێ گەشە بەئابوری وڵاتەکەی بدات، ئیسرائیل لەو بوارەدا پێشەنگە. وە ئیسرائیلیش دەیەوێ دەرفەتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵات بقۆزێتەوە و لەخاڵێکدا کە ئەو دووانە پێکدەگەن هاوئاهەنگی بازرگانی سەرکەوتووی لێ بەرهەمدێت.
هەڵبەتە ساڵانە چین و ئیسرائیل پێکەوە هاوئاهانگی گرنگ دەکەن لەبواری بازرگانیدا و چەندین کۆڕ و کۆنفرانس و، پێشانگای گرنگ دەکەنەوە تاوەکو بازرگانیەکانیان وەبەرهێنانەکانیان بەرفراون بکەن و پەرە بەتوانایەکانیان بدەن. وە هاوئاهەنگیەکان بەجۆرێکن کە بەشێک لەکۆمپانیاکان لەچین و لەئیسرائیل بەشە بازرگانیەکانیان بەیەکتری دەفرۆشنەوە، لەو بارەیەوە لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان لەبوارەکانی پزیشکی و چالاکیەکانی لەیزەر و، سیستەمە پزیشیکیەکاندا لەکۆمپانیا چینیەکان بەشیان کڕیوەتەوە و ئاستی بازرگانیەکانیان گەورەترکردوە.
بەتەنها کۆمپانیا چینیەکان لەئیسرائیل سودمەندنەبوون بەڵکو کۆمپانیا بازرگانیەکانی ئیسرائیلیش بەتایبەتی لەبواری میدیا و ئادڤێرت و، تەکنۆلۆجیادا لەبازاڕەکانی چیندا قازانجی زۆریانکردوە.
شیاوی گوتنە، لەکاتێکدا چین و ئیسرائیل دڵخۆشن بەپەیوەندییە بازرگانیەکانیان و بەردەوامی زیاتری پێدەدەن بەڵام لەناو ئیسرائیلدا و هەروەها ئەمەریکایش لەو پەیوەندیانە نیگەرانە.
(جەیسن ماکنیو) دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمپانیای سایبەرسکیورتی گوتی، یەکێک لەخاڵە خراپەکانی ئەو پەیوەندیانە ئەوەیە کەچین گوێ بەیاساکانی هەواڵگری وڵاتانی دیکە نادات و ڕێزیان ناگرێ.
هەروەها پنتاگۆنیش نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە ڕاگەیاندوە و لەو باوەڕەدایە چین دەیەوێ لەڕێی تەکنۆلۆجیای ئیسرائیلەوە پەرە بەتوانا سەربازیەکانی بدات.
پنتاگۆن نیگەرانی لەوەهەیە کە کۆمپانیاکانی چین توانای هەواڵگرییەکانیان لەڕێی وەبەرهێنانی مەدەنیەوە پەرەپێبدەن و دواتر داهێنانی چەکی لێبکەوێتەوە و هەرەشەی پێ لەئەمەریکا بکەن.
هەروەها نیگەرانیەکی دیکەی پنتاگۆن ئەوەیە کە ئیسرائیل لەوانەیە ببێتە دەرگای پشتەوە بۆ چین واتە چین کاتێک دەستی ناگات بەسیستەمە تەکنۆلۆجیەکانی ئەمەریکا بەهۆی پشکنینە توندەکانەوە بەڵام لەڕێگای بازرگانیکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەو دەرفەتەی بۆ دروستببێت و تواناکانی بەهێزبکات.
ڕەخنە و نیگەرانیەکان هەرچیەک بن، دواجار هەر وڵاتە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەخاتە پێشەوە، لەئێستادا جەنگی بازرگانی ئاماژەکانی زۆرتر دیارن بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکاوە لەبازرگانیکردندا ئەوەش وایکردوە وڵاتانی دیکەش هاوشێوەی ئەمەریکا بەبێ گوێدانە ڕێکەوتنەکان پەرە بەبەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆیان بدەن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler