حوزەیران 18, 2019

ئەمریکا گەشتی هاووڵاتییەکانی بۆ تورکیا و ئێران سنووردار دەکاتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکانی بۆ هاووڵاتییەکانی بۆ گەشتکردن بۆ ئێران و تورکیا تووندتر دەکات، ئاماژەی بەوەش داوە "ئەگەری کردەوەی تیرۆریستی لە هۆتێلەکانی تورکیا و شوێنە گەشتیاریی و بازاڕەکان هەیە".

ئەمەریکا لە ڕاگەیێنراوێکدا لەبارەی هۆشدارییەکانی بۆ هاووڵاتیانی خۆی ڕایگەیاندووە "لەپاڵ ئەو مەترسییانە، مەترسیی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی هاووڵاتیان هەیە کە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە". لەبارەی ئێرانیش دەڵێت "مەترسییەکی گەورە بۆ ئەمەریکییەکان هەیە، کە ڕووبەرووی ڕفاندن و دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن ببنەوە".
لەو ڕاگەیێنراوە ئەلیکترۆنییەی وەزارەتی دەرەوەی واشنتۆن لە ماڵپەری تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئێرانی بە "مەترسییەکی تووند" وەسف کردووە و، ئاستی مەترسییەکانیشی بۆ سنووری (٤) بەرز بووەتەوە، بۆ تورکیاش ئاستەکەی لە سنووری (٣) جێگیر کردووە. واشنتۆن داواشی لە هاووڵاتیان کردووە "چاوخشاندنەوەیەک بە بڕیاری گەشتکردن بۆ تورکیا بکەنەوەو، ڕەچاوی پرسی تیرۆر و دەستبەسەراگرتنی هەڕەمەکیش بکەنەوە".
هاوکات بۆ گەشتکردنی بەشێک لە ناوچەکانی تورکیا بە شێوەیەکی تەواوی قەدەغە کراوە، وەک ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانی ئەنکەرا لەگەڵ عێراق و سووریا، ئەمریکا پێی وایە "هاووڵاتیان ڕووبەڕووی مەترسیی ڕفاندن و تیرۆر دەبنەوە". لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "گرووپە تیرۆریستییەکان پلانیان داڕشتووە، ئەگەری هێرشێک لە تورکیا ئەنجام بدەن و، ڕەنگە بەبێ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تیرۆریستان هێرش بکەنە سەر ناوچە گەشتیاریی و، کەرتەکانی گواستنەوە و بازاڕو دامەزراوەکانی دەوڵەت و هۆتێل و ڕێستۆرانتەکان و، شوێنەکانی خواپەرستی و باخچەکان".
لەنێو هۆشدارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا "چالاکییە وەرزشی و کلتووری و، دامەزراوەکانی دەوڵەت و فڕۆکەخانەکان و، چەند ناوچەیەکی گشتی دیاریی کراون". ئاشکراش کراوە "هێزەکانی ئاسایشی تورکیا بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، دەیان هەزار کەسیان دەستبەسەر کردووە، لە نێویاندا هاووڵاتیان ئەمریکی هەیە، کە سەرجەم بەڵگەنامەکانیانیش پاڵنەری سیاسین".
دەشڵێت "ڕێگری لەگەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئەمریکی کراوە لە تورکیا دەربچن، هەروەها ڕەخنەگرتن لە حکومەتی ئەنکەرا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دەستگیرکردن". لەبارەی ئێرانەوە دووپاتی دەکاتەوە "گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە هاووڵاتیان ڕووبەرووی دەستگیرکردن و ڕفاندن و دەستبەسەرکردن دەبنەوە".
هۆشدارییەکانیشی بۆ هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان بە ڕەچەڵەک ئێرانی گەورەتر کردووە، چونکە بە بۆچوونی خۆی "مەترسییەکی گەورەیە بۆ ژیانیان لەسەردانیکردنی ئەو وڵاتە". باس لەوەش دەکات "دەسەڵاتدارانی ئێران، بەبێ دادوەری هاووڵاتیانی ئەمریکی زیندانی کردووە، لە نێویاندا قوتابیان، ڕۆژنامەنووسان و، بازرگانان و ئەکادیمییەکان، سەرجەمیان تۆمەتی سیخوڕیکردن وهەڕەشەکردن لەئاسایشی نەتەوەییان خراوەتە پاڵ".
هێمای بەوەش داوە "زۆر کات ڕێگری لە کونسوڵخانەکان کراوە، سەردانی هاووڵاتیانی خۆیان بکەن".

 

کارزان حەمید - هەولێر

© 2017 Hawler