تەمموز 19, 2019

دوای حەوت ساڵ پەنابەری لە سەفارەتی ئیکوادۆردا لە لەندەن، سەرۆکی ئیکوادۆر "لینین مۆرینۆ" مافی پەنابەریی لە جولیان ئەسانج، دامەزرێنەری ویکیلیکس، سەندەوە، ئەمەیش دەرفەتی بە پۆلیسی بەریتانی دا هەر لەنێو سەفارەتەکەدا دەستگیری بکەن.

لەماوەی ئەو ساڵانەدا کە ئەسانج لە بارەگای سەفارەتەکەدا بەسەری برد، پەیوەندییەکان لەنێوان ئەو و ئیکوادۆردا سەرلەبەر گۆڕا. لە ساڵی 2012دا سەرۆکی پێشووی ئیکوادۆر "ڕافایێل کۆریا" دەستی یارکەتی بۆ ئەسانج درێژکرد، چونکە دەترسا هەندێ بەڵگەنامەی نهێنیی بڵاوبکاتەوە وا پەیوەستن بە سوپای ئەمریکاوە و ئەمەیش ببێتە مایەی ئەوەی سوپای ئەمریکا لەو وڵاتە بکشێتەوە.
ئەسانج لە سویدیش ڕووبەڕووی هەندێ تۆمەت کراوەیەوە سەبارەت بە دوو ڕووداوی "دەستدرێژیی سێکسی"، ئەسانجیش بە تەواوی تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و وتی ئەوە تەنیا بیانوویەکە تاوەکو بنێردرێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
بەڵام پەیوەندیی لەنێوان ئەسانج و ئیکوادۆردا ئەو کاتە گۆڕا کە حکومەتی نوێ پێکهێنرا و مۆرینۆ لە دوای کوریا لە 2017دا بووە سەرۆک.
مۆرینۆ هەرزوو خۆی لە سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشوو لادا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەستگیرکردنی ئەسانج ململانێی سیاسی لەنێوان ئەو و سەرۆکی پێشوودا تووندترکردۆتەوە. هەروەها لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە کە "ئەسانج ڕفتاری وەهای نیشانداوە کە دوژمنکارانە و بێڕێزی بوون" و "ویکلیکیسیش لێدوانی دوژمنکارانەی هەبووە و هەڕەشەی کردووە". مۆرینۆ ئەوەیشی وتووە کە پەنابردنی ئەسانج بۆ سەفارەتی ئیکوادۆر "ناکرێت بەردەوام بێت"، پاساویشی بۆ ئەمە ئەوەیە کە "ئەسانج پێشێلی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی کردووە".
هەرەها مۆرینۆ ئاماژەی بە ڕێسای دەستێوەرنەدان لە کاروبارەی ناوخۆی وڵاتانی تر کردووە و، باسی لەوە کردووە لەم دواییانەدا ویکلیکس هەندێ بەڵگەنامەی بڵاوکردۆتەوە دەربارەی ڤاتیکان. مۆرینۆ وتی داوای لە دەسەڵاتدارانی بەریتانیش کردووە گرەنیی بدەنێ "ئەسانج نانێردرێت بۆ دەوڵەتێک کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە یان سزای لەسێدارەدان ببێتەوە".
کوریا، سەرۆکی پێشوو، دەستبەجێ ڕەخنەی لە بڕیارەکەی مۆرینۆ گرت و تی: "لینین مۆرینۆ بوغزی خۆی دەربارەی مرۆڤایەتی پیشاندا، ئەسانجی ڕادەستی پۆلیسی بەریتانیا کرد، ئەگەرچی ئەو تەنیا پەنابەرێک نەبوو بەڵکو هاووڵاتییەکی ئیکوادۆرییش بوو". هەروەها وتی: "بەم کارە ژیانی ئەسانج ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ئەمەیش سوکایەتیکردە بە ئیکوادۆر". هەربۆیە وتی: "مۆرینۆ لە مێژوودا گەورەترین خیانەتکاری ئیکوادۆر و ئەمریکای باشوورە".
خوسیە ڤالینسیا، وەزیری دەرەوەی ئیکوادۆر، ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند کە ڕەگەزنامە ئیکوادۆرییەکەی ئەسانج وا لە ساڵی 2017دا پێیدرابوو، هەڵپەسێردراوە گوایە هەندێ پێشێلکاریی کردووە. هەر کە ڕەگەزنامە لە ئەسانج وەرگیرایەوە، سەفارەتی بەریتانی ڕێگەیدا پۆلیسی پایتەختی بەریتانیا ئەسانج دەستگیر بکەن.
قسەکەرێکیش بەناوی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە وتی: "دەستگیرکردنی ئەسانج لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتڕاست دەکەینەوە، چونکە هەندێ تۆمەتی لەبارەی تاوانی ئەلیکترۆنیەوە دراوەتە پاڵ". بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکی ئەسانج ڕەنگە سزای پێنج ساڵ زیندانیی بۆ ببڕدرێتەوە. بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2012ـیشدا بە بەردەم دادگای بەریتانیادا ئامادە نەبووە، لەوێیش ڕەنگە بە 12 مانگ زیندانیکردن سزا بدرێت.

 

هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

© 2017 Hawler