تەمموز 19, 2019

عومەربەشیر هەتا ساڵی ١٩٨٩ ئەفسەری ئەرتەش بوو؛ ساڵی ١٩٨٧بە پشتیوانی و یارمەتیی ئیسلامیەکان گەیشتە دەسەڵات و هەتا بەسترپێرێیش، ٣٠ ساڵی رەبەق تاکەسواری گۆڕەپانی دەسەڵاتی سوودان بوو؛ داداگا نێودەوڵەتیەکەی لاهای، بەوە تۆمەتباری کردووە کە لە شەڕدا تاوانی کردووە؛ لەو رۆژانەدا سەربازیکاران لێی هەڵگەڕانەوە و لە دەسەڵاتیان خست.

چوار مانگێک دەبێ خەڵکی سوودان لەو لاسارە خۆسەپێنە هاتوونەتە دەنگ و رۆژ نیە نەڕژابێتنە شەقام؛ ئەرتەشیش هەلی بە دەرفەت زانیوە و، بەڕەیان لە بن پێی راکێشا.

زێد و زاگە
عومەر حەسەن بەشیر ٧٣ ساڵ لەمەوبەر (١٩٤٤)، لە گوندی حەوشبانگا (حوش‌بانقا)، نزیک شاری شندی، لە باکووری سووداندا لەدایک بووە.

خوێندەواریەکەی عومەر بەشیر
بەشیر دەرچووی زانکۆی ئەفسەریە؛ ساڵی ١٩٨١ـی زایینی بوو بە ئەفسەر و، ساڵی ١٩٨٣ لە مالیزیا بڕوانامەی فەرماندەهی شەڕی وەرگرت. ساڵی ١٩٨٧یش بواری بەڕێوەبردن (ئیدارە)ی تەواو کرد.

رێبازی سیاسی و شەڕی ناوخۆ و جیابوونەوەی سوودانی خواروو
عومەربەشیر هەر لە تەمەنی گەنجایەتیەوە دەستی دایە خەباتی ئیسلامەتی و، بووە شوێنکەوتەی دکتۆر حەسەن تورابی، بیرمەندی ئیسلامخوازی سوودان.
ساڵی ١٩٨٩ـی زایینی بە کۆدەتا دەسەڵاتی لە سادق مەهدی قۆرخ کرد و خۆی جێی گرتەوە؛ ئەگەرچی ئیسلامیەکان لەو شەڕەدەسەڵات و گەیشتنەدەسەڵاتەدا، پشتی عومەر بەشیریان گرت بەڵام عومەر بەشیر جاروبار لێیان هەڵدەگەڕایەوە و تەمێی دەکردن.
عومەربەشیربە درەنگەوە چووە ناو ئەرتەشەوە بەڵام هەرزوو زانیی لە رێگای ئەرتەشەوە نەبێ دەستی ناگاتە دەسەڵاتی سوودان؛ لە سەرەتای دەسەڵاتدارەتیدا بە توندی شەرعی ئیسلامی پیادە دەکرد؛ بەشی خوارووی سوودان دیان (مەسیحی)ـنە و بەو بڕیارەی بەشیر راپەڕین و شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا؛عومەربەشیر199۶ بە زۆری وڵاتانی زلهێز ناچار کەوت ئاشتینامەیەکیان لەگەڵدا واژۆ بکات.
کێشەکە نەبڕایەوە و، دیسان وڵاتانی زلهێز کەوتنە بەین و ساڵی ٢٠٠٢، عومەر بەشیر و بزووتنەوەی سەربەستی وا رێک کەوتن پیادەکردنی شەرع هەر بۆ باکوور بێت و، باشووری تێوە نەگلێنن؛ لە پەیماننامەکەدا هاتبوو خەڵکی باشووری سوودان بۆیان هەیە پاش حەفت ساڵ بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
ساڵی ٢٠٠٥ هەقی خۆبەڕێوەبەرایەتی درایە سوودانی خوارنگ (خواروو)؛ ساڵی ٢٠١١ خەڵکە زۆرینەدیان (زۆرینەمەسیحی)ـەکەی باشوووری سوودان چوونەوە ریفراندۆمەوە و، بە زۆرینەیەکی رەها دەنگی بە سەربەخۆیی دا و، لە سوودانی گەورە جیا بوونەوە.

شەڕی دارفۆر
دارفۆر دەکەوێتە باشووری رۆژاوای سوودانی گەورەوە؛ خەڵکی دارفۆر دەیان ساڵە جاروبار لە حکوومەتی سوودان یاخی دەبن؛ عومەر بەشیر ماوەماوە ئەرتەشی ناردووەتە سەریان و، بەبێ بەزەیی کوشتوبڕی کردوون؛ دەڵێن لەوانەیە بە فڕۆکە و بە تۆپ، ٣٠٠هەزار کەسی لێ کوشتبێتن؛ لەو شەڕانەدا بە هەزاران ژنیان لێ لاقە کراوە و، دووملوێن‌٥٠٠هەزار کەسیشیان لێ ئاوارە و دەربەدەر بووە؛ ئەنجومەنە نێودەوڵەتیەکەی ئاسایش لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە بە ئابووری گەمارۆی سوودانی داوە.
ساڵی ٢٠٠٨، دادگا نێودەڵەتیەکەی لاهای، عومەربەشیر و چەند فەرماندەیەکی ئەرتەشی سوودانی دایە بەر تۆمەت و، فەرمانی گرتنیانی دەرکرد.

بەهاری عەرەبەواری
ساڵی ٢٠١٣ کە خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەب راپەڕین، خەڵکی سوودانیش هاتنە دەنگ بەڵام خراپ سەرکوت کرانەوە؛ بە گوێرەی ئەو ئامارەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەڵاویان کردووەتەوە، لەو کوشتوبڕانەدا بە سەدان کەس کوژراون و، بە هەزارانیش گیراون.
هەر ئەو ساڵە عومەر بەشیر کەوتە گرتوبگیری کۆمەڵە ئەفسەر و چالاکی ئیسلامخواز؛ دەلێن گوایە ویستوویانە لە عومەر بەشیر هەڵبگەڕێنەوە و دەسەڵاتی لێ بستێننەوە؛ بەشیر هەوڵی دا دەسەڵاتی ئەرتەش و هەواڵگری و پۆلیس بداتە دەست فەرماندەی گەنج و تازەکارەوە.

رووخان
لە ئاخروئۆخری ساڵی ٢٠١٨دا خەڵک لەبەر گرانی و بێ‌خزمەتی هاتنەوە سەر شەقام و، وردەوردە داوای گۆڕینی دەسەڵاتیان دەکرد؛ لە نەورۆزی ٢٠١٩دا خەلک چوونە بەر بارەگای سەرۆکایەتیی ئەرتەش و داوایان لە ئەرتەش کرد پشتی بەشیر بەربدات و، دەسەڵاتی لێ بستێنێت.
بەرەبەیانی ١١/٤/٢٠١٩ سوپاسالاری ئەرتەش لە تەلەڤیزیۆنی سوودانەوە رایگەیاند ئەرتەش عومەر بەشیری لە دەسەڵات خستووە و، دەستەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی ولات دەستنیشان کردووە هەتا حکوومەتی نوێ دادەمەزرێت، بە شێوەی کاتی ولات بەڕێوە ببات.

 

ڕزگار ئازەوانی - هەولێر

© 2017 Hawler