ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئه‌مڕۆ له‌ توركیا نزیکەی ٥٧ ملیۆن کەس مافی ده‌نگدانیان بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان هه‌یه‌

ئه‌مڕۆ دەنگدەرانی تورکیا و باکوری کورسستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی شارو شارۆچکەکان، روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر.

هاوكات له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ دواین لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گوتی: "لە 31ـی ئادار چاوەڕێی پاڵپشتییەکی بەهێزی ناوەندی شارەکان و شارۆچکەکان بۆ ئاکپارتی دەکەم. ئەم هەڵبژاردنانە تەنیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نییە، بەڵکو لە هەمانکاتیشدا هەڵبژاردنی مان و نەمانە."
ژمارەی دەنگدەران نزیکەی ٥٧ ملیۆن کەس دەبێت و ١٣ پارتی سیاسیش بە نزیکەی نیو ملیۆن کاندیدەوە کێبڕکێ دەکەن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکان. لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدەکان کێبرکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی لە ٣٠ شاری گەورە و هەزار و ٣٥١ ناوچەی ئیداری، لەگەڵ وەرگرتنی هەزارو ٢٥٠ پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ ٢٠ هەزار و ٥٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی.
له‌هەڵبژاردنەکەدا ملیۆنێك و ١٥٦ هه‌زار ده‌نگده‌ر بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چنه‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ ده‌ده‌ن. دیارترین ئەو پارتانەی ململانێی بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانی دەکەن، پێکهاتوون لە ئەکەپە، جەهەپە، ئی پارتی، هەدەپە، مەهەپە، کە بە سێ هاوپەیمانێتی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
هاوکات وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە هەڵبژاردنەکاندا، لە بەشێکی ناوچەکان بەھۆی ھەلومەرجی جوگرافی، شەش ھەزارو ٤٤٩ فەرمانبەر لە زیاتر لە ١١ پارێزگای جیاواز لە ئەرکدا دەبن.
وتیشی رۆژی ھەڵبژاردن ٥٥٣ ھەزار فەرمانبەر لە ئەرکی خۆیان دەبن و، شەش ھەزار و ٧٤٥ زرێپۆش و ١٢٦ ھێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و، ٢٩٤ ئامێری دەریایی بەکاردەھێنرێن، بۆ پاراستنی ئاسایش
شارەزایان لەو باوەڕەدان شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە رۆڵێکی گەورەیان هەیە لەوەی داهاتووی سیاسەت و دەستەڵات لە تورکیا دیاریی بکەن، هەر لەبەر ئەمەشە پارتە سیاسییەکان هەوڵی بردنەوەی شارەوانییەکانی ئەو شارانە دەدەن.
لە هەڵبژاردنەکانی ئه‌مڕۆدا سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی 30 گەورەشار، 51 ناوەندی پارێزگا، 922 شارۆچکە و دەیان هەزار گوند هەڵدەبژێردرێن؛ لە هەمان رۆژیشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەندرێت.