ئازار 22, 2019

بۆ یەکەم جار لە بەغدا: سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق

سەرۆککۆماری ئێران یەکەم سەردانی فەرمی بۆ عێراق ئەنجامدەدات، کاتی سەردانەکەی لەئێستادا گونجاوە بەتایبەتی کە ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە و فشارەکانی سەر حکومەتەکەی (ڕوحانی) لەئێستادا زیاتربوون بەهۆی کاریگەری سزایەکانی ئەمەریکا دوای ئەوەی لەڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران هاتەدەرێ، بۆیە دەکرێ پەیوەندییەکانیان دەرفەتەکان بەرفراوانتربکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی‌بی‌سی نیوز) لەپێش سەردانەکەی (حەسەن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق، لەلایەن (جواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانەکەی بە مێژوویی و گرنگ وەسفی لێوە کرا، ئەوەش پەیوەندیی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێ، چونکە حکومەتی ئێرانی شیعە و، هەروەها حکومەتی عێراقیش کە شیعە تیایدا باڵادەستە پەیوەندییەکی باش و بەهێز هەیە لەنێوانیاندا.
هەروەها پەیوەندی بەهێزی تاران لەگەڵ بەغدا و ئەو سەردانانەی بەرپرسانی ئێران بۆ عێراق وەڵامی بەهێزیشی تێدایە بۆ (دۆناڵد ترەمپ) لەشێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق کە لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی پاردا کاتێ سەردانی هێزەکانی ئەمەریکای لەعێراق کرد و، هەروەها بۆ کۆمێنتەکانیشی کە ئاماژەی بەمانەوەی ‌هێزەکانی ئەمەریکادابوو لەعێراق بۆ چاودێریکردنی ئێران.
لەو کاتەدا (ترەمپ) کاتێ سەردانی هێزەکانی ئەمەریکا کرد لەعێراق، بەشەو بوو، بەبێ ئەوەی لەبەغدا وچانێک بدات و سەردانەکەی بۆ بنکەیەکی سەربازی بوو کە هێزەکانی ئەمەریکای لێبوون بۆ شەڕی دژی داعش و ناوچەکە دوور بوو لەپایتەخت، وە چاوی بەبەرپرسە باڵایەکانی بەغداش نەکەوت، ئەوەش کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتی لەلایەن بەرپرسانی عێراقی و هەروەها ئێرانیشەوە.
لەدوای سەردانەکەی (ترەمپ) بەرپرسانی ئێران گوتیان سەردانەکەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەشاراوەیی و بەشەو ئەنجامدراوە ئەوەش شکست بۆ سیاسەتی ئەمەریکا لەعێراق دەگەێنێ، وە پرسیاریان دەکرد کە بۆچی سەردانەکەی بەفەرمی و بەئاشکرایی نەبوە؟
هەروەها ڕوحانیش ئەو کاتە گوتی، پێویست بوو بچێت بۆ شەقامەکانی بەغدا و بزانێ لەوێ خەڵکی چۆن پێشوازی لێدەکەن، بەڵام ئایا ڕوحانیش دەچێت بۆ شەقامەکانی بەغدا، یان بەسڕە تاوەکو پێشوازییەکانی شەقام بەدیبکات؟
بەشێوەیەکی گشتی بەپێی لێدوانی (جواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانەکەی (ڕوحانی) دەرفەتی گرنگ فەراهەم دەکات و تێگەیشتنی جیدی لەنێوان هەردوو وڵاتی هاوسێدا دروست دەکات، کە مایەی خێری هەردوولا دەبێت.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی (٢٠٠٣) ەوە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران بەرەو ئاسایی بونەوە چوون و، باڵادەستی حکومەتی شیعە لەبەغدا دەرفەتی بۆ نزیکبونەوەی ئێران لەعێراق و هەژمونی دەسەڵاتەکانی ئێران بەسەر شێوەی سیاسی و ئیداری عێراقەوە دروستکردوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەبوە لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوولادا بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و بازرگانیدا.
پێشتر (حەسەن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراقی کردوە بەڵام پێش ئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری بگرێتەدەست، هەروەها پلانی هەبوە لەساڵی (٢٠١٦)ەیشدا سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجامبدا بەڵام هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە ئەو سەردانەی بەسەردانێکی فەرمی دادەنرێت.
ئەو جارەیان (ڕوحانی) کە لەخولی دووەمی سەرۆککۆماریدایە پێگەکەی لاوازە بەهۆی فشارەکانی دۆخی ئابوری ناخۆی ئێران کە بەکاریگەرییەکانی سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران لەدوای کشانەوەی لەڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی دروستبوون، لەو دۆخەی ئێستای ئێراندا دەکرێت پەیوەندی گەرمی نێوان ئێران و عێراق تاڕادەییەک ئەو بار قورسیەی ئێران سوک بکات.
تاران هەبوونی ‌هێزەکانی ئەمەریکا کە لەبن دەرگای ئێرانن بەهەڕەشە لەسەر وڵاتەکەی خۆی دەزانێت، وە لەوەش تێدەگات هەبوونی ئەمەریکا لەعێراق لەدژی ئامانجەکانی ئێرانە لەبەغدا، بۆیە هەر هەنگاوێکی نزیک لەبەغدا نزیکتر دەکاتەوە.
لەبارەی پەیوەندییەکانەوە (زەریف) یش لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی یەکشەممە گوتی، هەروڵاتێک بیەوێت دەستبخاتە نێو پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق ئەوا دەرفەتەکانی خۆی پوچەڵدەکاتەوە، ئەوەش ئاماژەی باشی پەیوەندیی نێوان هەردوولا دەگەێنێ.
شیاوی گوتنە، سەردانی (حەسەن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق گوڕێکی دیکە بەپەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەدات، بەتایبەتی لەکاتی ئێستادا بەهێزی ئەو پەیوەندییانە بۆ هەردوولایان گرنگ و بایەخی خۆی هەیە، بۆ عێراق کە شیعە تیایدا باڵادەستە بوونی پاڵپشتی دەسەڵاتی شیعەی ئێران بۆ ئەوان گرنگ و بایەخدارە، هەروەها بۆ ئێرانیش لەکاتی ئێستادا کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورسی دارایی و ئابوری بۆتەوە عێراق دەرفەتی گەورەی تێدایە و دەکرێ دەرچەیەک بێ بۆ سوککردنی باری خراپی ئابوری ئێران.
ئێران، عێراق بە ڕێگای دەرچوون دەبینێت بۆ ڕزگاربوون لەسزایەکانی ئەەمریکا لەسەری، لەوەتەی (دۆناڵد ترەمپ) ئەمەریکای لەڕێکەوتنی ئەتۆمی کشاندۆتەوە و سزایەکانی پێشوی سەر ئێرانی چەسپاندونەوە ئێران کەوتۆتە دۆخێکی خراپی ئابورییەوە و فشارەکانی ناوخۆی لەسەر زیادبوون.
ئێران و عێراق جگە لەپەیوەندی سیاسی و کەلتوری، پەیوەندییەکی گەورەی بازرگانیشیان لەنێواندا هەیە کە لەو سەردانەی سەرۆککۆماری ئێراندا بۆ عێراق چاوەڕێدەکرێ پەیوەندییە بازرگانیەکانیان زیاتر لەجاران بەرفراوانتربکرێن.
ساڵی پار هەناردەکانی ئێران بۆ عێراق بایی نزیکەی (٩ ملیار) دۆلار بوون، وە تاران خوازیاری ئەوەیە ئەو پەیوەندییە بازرگانیانەی نێوان عێراق و ئێران ساڵانە لەنزیکەی (١٣ ملیار) دۆلارەوە بگەێنێتە نزیکەی (٢٠ ملیار) دۆلار لەهەر ساڵێکدا، هەروەها ساڵانە نزیکەی پێنج ملیۆن گەشتیاری ئاینیش هەن لەهەردوو وڵاتدا کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکان لەهەردوو وڵات دەکەن، ئەو گەشتیارانەش نزیکەی (٥ ملیار) دۆلار دەهێننە نێو پەیوەندییە بازرگانیەکانی هەردوولاوە.
بەلای عێراقیشەوە ئێران هاوسێیەکی گرنگە و پێویستە هەردوو وڵاتە بەرژوەندییە هاوبەشەکانیان بپارێزن و پەرە بەپەیوەندییەکانیان بدەن، عێراق تاوەکو ئێستا هەوڵیداوە بەبێ گوێدانە سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەباشی بهێڵێتەوە و، وە بەهێزی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەبەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزی ئابوریدا دەبینێت.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 13 ئازار 2019 07:44
© 2017 Hawler