ئازار 22, 2019

برێگزیت لەبەردەم دەنگدانێکی دیکەدا

ڕۆژی سێشەممە (١٢ی ئازاری ٢٠١٩) پەرلەمانی بەریتانیا دەنگدانێکی دیکە ئەنجامدەدات لەسەر پرۆژەی ڕێکەوتنی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا، کە لەدوای شکستەکەی جاری پێشوو بڕیاربوو دەستکاری بکرێت و بەچاککراوی بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان.

بەریتانیا لەبەردەم چەند بژاردەیەک دەبێ ئەگەر هاتوو ڕێکەوتنەکە ئەو جارەشیان ڕەتبکرێتەوە، دیارترینیشیان دەرچون دەبێ بەبێ ڕێکەوتن کەهەندێک پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران پشتگیری دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) پێدەچێ لەو یەک دوو ڕۆژەدا سەرۆکوەزیران (تێریزا مەی) سەردانی برۆکسل بکاتەوە بۆ پەیداکردنی دواین پاڵپشتی بۆ چاککردنی ڕێکەوتنەکەی، کە چاودێران دەڵێن هێشتا ئەنجامی باش بەدەست نەهاتوون.
پرسی سەرەکی ئاڵۆزی نێوان هەردوولا سنوری نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکورە کە لەدەنگدانی پێشوتریشدا زۆرینەی پەرلەمانتارەکانی بەریتانیا بەجیاوازی پارتە سیاسیەکانڕیکەوتنەکەیان لەسەر پەسەند نەکرد، وادەردەکەوێ حکومەتی بەریتانیا نیازی هەبێ پلانێکی نوێ و بودجەی زیاتر بۆ قوتابخانە نەخۆشخانەکانی ئێرلەندای باکور خەرجبکات تاوەکو پاڵپشتی پەرلەمانتارەکانی پارتی یەکیەتی دیموکراتی ئەوێ بەدەستبهێنێ وەکو هەوڵێک بۆ سەرخستنی پرۆژەکە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەگەر بێتو حکومەت نیازێکی وای هەبێ و، پارتی یەکیەتی دیموکراتیش دەنگ بەڕێکەوتنەکەبدەن هێشتا نزیکەی (١٠٦) دەنگی دیکە پێویست دەبێ تاوەکو بگاتە ئاستی تێپەڕاندنی پڕۆژەکە و سەرکەوتنی، لەو لیستەدا نزیکەی (٧٣) پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران لەجاری پێشوتردا دەنگیان بەپرۆژەی ڕێکەوتنەکە نەدا، هەروەها پارتی کار و لیبڕاڵ دیموکراتەکانیش لەدژی بوون، بۆیە لەئەوانیش نزیکەی (٣٣) دەنگی دەوێت و، گۆڕانکاری تێروانینی ئەو پەرلەمانتارانەش لەسەر پرۆژەکە ئاسان نابێ.
ئەگەر بێتو لەدەنگدانی ڕۆژی سێشەممەدا پرۆژەی ڕێکەوتنەکە شکست بهێنێت، ئەوا ڕۆژی چوارشەممە دەنگدان لەدژی دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن دەکرێ، وە دواتر ڕۆژی پێنجشەممە دەنگدانی سێیەم ئەنجامدەدرێ ئاخۆ سەرۆکوەزیران داوای درێژکردنەوەی کات بۆ برێگزیت بکات یان نا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە دەشێ پەرلەمانتارەکان هەر سێ بژاردەکە ڕەتبکەنەوە، بەڵام لەهەر بارێکدا لەوانەیە پەرلەمان پاڵپشتی دەنگدان لەسەر قبوڵکردنی ڕێکەوتنەکە یان دڕیژکردنەوەی کات دووبارەبکاتەوە.
شەقامی سیاسی بەریتانیا بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون، هەتا لەپارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداریش چەندین ڕای جیاجیاهەن لەسەر دوا وێنەی برێگزیت، بەشێکیان لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدان، بەشێکی دیکەش ڕێکەوتنەکە بەباش نازانن و لەگەڵ دەرچوون بەبێ ڕێکەوتنن نەک ئەو ڕێکەوتنەی ئێستا.
ئەگەر بارودۆخ بگاتە ئەو ئاستە، ئەوا پارتی کاریش هەنگاو بەرەو ڕیفراندۆمی دووم دەنێت.
هەر لەسەر پرسی برێگزیت لەڕاپۆرتێکی (گاردیان) دا سەبارەت بەئەگەرەکانی دوای دەنگدانی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانی بەریتانیا نوسیویەتی، (مەی) ئاهێکی حەسانەوەی هەڵدەکێشێت ئەگەربێتو ڕێکەوتنەکەی بتوانێ سەرکەوتن بەدەستبهێنێ بەڵام ئەوەش بۆ کاتێکی درێژنا چونکە دواتر لەوانەیە ئاستەنگی لەبەر کەمی کات بۆ بێتەپێش تاوەکو ڕێکارە یاساییەکانی ڕێکەوتنەکە تەواوبکات و لەوانەیە پێویستی بەدرێژکردنەوەیەکی کاتی کورت هەبێ بۆ دەرچوونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا.
چی ڕوودەدات ئەگەر دەنگدانەکە ڕێکەوتنەکەی ڕەتکردەوە:
(تێریزا مەی) سەرۆکوەزیران ڕەتیکردۆتەوە هەنگاوەکانی داهاتوو ئاشكرابکات لەئەگەری سەرنەکەوتنی پرۆژەی ڕێکەوتنەکەی، لەڕاستیدا ئەو بارودۆخە دەکەوێتەسەر ئەوەی کەئاستی شکستەکە چۆن دەبێ ئەگەربێتو تەنها پێویستی بەچەند دەنگێکی کەمبێ لەوانەیەهەوڵێکی دیکەبدات بۆ بەڕێوەچونی دەنگدانی دووەم. بەڵام ئەگەر بێتو دۆڕانەکە وەکو جاری پێشووبێت کە لەمانگی کانونی دووەمدا ئەنجامدرا ئەو کاتە پێویست بەبژاردەیەکی تازە دەکات بۆ دەرچون لەقەیرانی پرسی برێگزیت.
شیاوی باسکردنە، لەمانگی کانوونی دووەمی ئەو ساڵدا پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی لەسەر پرۆژەی ڕێکەوتنی دەرچونی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپادا، پرۆژەکە شکستی هێنا و نزیکەی (٤٣٢) پەرلەمانتار دەنگیان بە نەخێر بەپرۆژەی ڕێکەوتنەکەدا و، تەنها (٢٠٢) پەرلەمانتار پاڵپشتی پرۆژەکەیان کرد.
لەدوای ئەو هەنگاوە، حکومەتی بەریتانیا پرۆژەکەی بردەوە بۆ دەستکاریکردن و چاککردنی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر کە یەکیەتی ئەوروپایە بەتایبەتی لەسەر خاڵی سنوری نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکوور کە بە (باک ستۆپ) دیاریکراوە.
تاوەکو ئێستا ئەنجامی ئەرێنی لەسەر ئەو بابەتە بەدەستنەهاتون لەسەر چارەنوسی باک ستۆپەکە کە مایەی ڕازیکردنی دەنگە ناڕازییەکانی نێو پەرلەمان بێ بەڵام بەشێوەیەکی گشتی حکومەت هەوڵەکانی چڕکردونەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتر تاوەکو لەدەنگدانی ڕۆژی سێشەممەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێ.
پەرلەمانی بەریتانیا لە (١٢ی ئازاری ٢٠١٩) دەنگدانێکی تازە بۆ پرۆژەی ڕێکەوتنەکە ئەنجامدەدات، ئەگەر ڕێکەوتنەکە پەسەند نەکرێ ئەوا پرسی برێگزیت لەبەردەم چەند ئەگەرێکدا دەهڵێتەوە کە لەسێ خاڵدا خۆی دەبینێتەوە و بریتی دەبن لە دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن، درێژکردنەوەی کات بۆ ڕێکەوتنێکی باشتر یان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی تازە.
بەپێی کاتی دیاریکراو دەبێ بەریتانیا لە (٢٩ی ئازاری ٢٠١٩) ەدا لە یەکیەتی ئەوروپا بکشێتەوە، جا بەڕێکەوتن بێ یان بەبێ ڕێکەوتن، وە یاخود هەر بژاردەیەکی دیکە کە هەردوولا لەسەری ڕازیبن.

© 2017 Hawler