ئازار 22, 2019

لەجیهاندا خەڵکی بەزۆری بەچی دەمرن؟

بەپێی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) سەبارەت بە ئاستی تەمەن و ڕێژەی مردن ئەوە دەرکەوتوە خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی لەجیهاندا تەمەنیان درێژترە بەبەراوورد بەڕابردوو.

لەساڵی (١٩٥٠) ەدا تێکڕایی تەمەنی چاوەڕێکراو بۆ کەسێک لە لەدایک بونیەوە بریتی بوە لە (٤٦) ساڵ، بەڵام بۆ ساڵی (٢٠١٥) ئەو دیاریکردنە بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە (٧١) ساڵ.
لەهەندێک لەوڵاتانی جیهاندا بەهۆی گیرگرفتە تەندروستیەکانەوە کاریگەرییەکان لەسەر شێوەی ژیان و دواجار مردن سوک نەبوون، بۆیە نەخۆشی و بارودۆخە نەخوازراوەکان ڕێگربوون لەپێدانی تەمەنێکی درێژ پێیان.
لەکاتی ئێستادا لەوانەیە مردن دەورماندات بەهۆی تیرۆریزم و، شەڕ و، کارەساتە سروشتیەکانەوە، وە هەروەها بەشێوەیەکی گشتی لەسەرنسەری جیهاندا هێشتا زۆربەی خەڵکی لەتەمەنێکی گەنجیدا دەمرن بەهۆکارە ڕێگری لێنەکراوەکان.
لێرەدا ئەوە دەردەکەوێ، چێرۆکی ئەوەی کەی خەڵکی دەمرن بەڕاستی ئەو چیرۆکەیە کە خەڵکی چۆن دەمرن، واتە کاتی مردن تاڕادەیەک بەهۆی چۆنیەتی مردنەوەیە و، چۆن ئەوە گۆڕنکاری بەسەرداهاتوە بەتێپەڕبوونی کاتە جیاوازەکانەوە.
هۆکارەکانی مردن لەسەرانسەری جیهاندا:
لەساڵی (٢٠١٧) ەدا نزیکەی (٥٦ ملیۆن) کەس لەخەڵکی جیهان مردوون، وە لەو ڕێژەیە نزیکەی (١٠ ملیۆن) کەس زیاتربوە لەساڵی (١٩٩٠)،لەو کاتەوە ڕێژەی دانیشتوانیش بەرزبۆتەوە و ئاستی بژێوی باشتربوە و خەڵکیش تەمەنی درێژتربوە بەبەراوورد بەپێش ساڵی (١٩٩٠).
بەپێی ڕاپۆرتەکە نزیکەی (٧١%) ی خەڵکی دەمرن بەهۆی دەست پێڕانەگەیشتن، وە نەخۆشیە درێژخایەنەکان. گەورەترین نەخۆشی کەمردنی زۆری پێوەبوە نەخۆشیەکانی پەیوەست بەدڵەوە بوون، کەوا کاریگەریان هەبوە لەسەر دڵ و دەمارەکان و بونەتە هۆکاری مردن، یەک لەسێ کەس بەهۆی ئەوەوە مردوون.
مردن بەهۆی نەخۆشیەکانی دڵەوە دوو ئەوەندی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە بوە، شێرپەنجە پلەی دووەمی وەرگرتوە لەهۆکارەکانی بەرەو مردن، کە لەشەش کەس یەکیان بەهۆی شێرپەنجەوە مردوە.
ئەوانی دیش کە بەهۆی نەخۆشیەکانی دیکەی وەکو شەکرە و نەخۆشیەکانی تایبەت بەهەناسە و، لەبیرچونەوە هۆکاری مردن بوون ئەوانیش لەسەرەوەی لیستەکەوە بوون.

مردنی ڕێگالێگیراو:
ئەوەی کە زۆر جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ژمارەیەک لەخەڵکی بەو هۆکارانە دەمرن کەدەشێ ڕێگایان لێبگیری و نەبنەهۆی بەرەو مردن. نزیکەی (١،٦ ملیۆن) کەس لەجیهاندا لەساڵی (٢٠١٧) ەدا بەهۆی نەخۆشیەکانی پەیوەست بە سکچونەوە مردوون، سکچون یەکێک بوە لەو (١٠) هۆکارەی کە بونەتە هۆی مردن، وە لەهەندێک وڵاتدا یەکێک بوە لە هەرە هۆکارە کوژەرەکان.
ناڕێکی و گیروگرفتەکانی تازە لەدایکبوان هۆکارێکی دیکەی مردنی ساوایان بوە ئەوانەی کە بەو هۆیەوە لە (٢٨) ڕۆژی یەکەمی تەمەنیاندا مردون لەساڵی (٢٠١٧) ەدا بریتی بوون لە (١،٨ ملیۆن) تازە لەدایک بوو. ئەو ڕێژەیە بەپێی وڵات جیاوازبوە، بۆ نمونە لە ژاپۆن لەهەر هەزار منداڵ منداڵێک مردووە لەیەکەم (٢٨) ڕۆژی تەمەنیدا، وە لەهەندێک وڵاتی هەژارنیشینیش لەهەر (٢٠) منداڵ یەکێکیان لە (٢٨) ڕۆژی تەمەنیاندا مردوون.
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کەدەکرێ ڕێگای لێبگیرێ و کەچی هۆکاری مردن بوە بریتیە لەڕووداوی ئۆتۆمبیل، ڕێژەی مردن لەهەردوو وڵاتە دەوڵەمەندەکان و هەژارەکاندا لەو بوارەدا بەرزە و لەساڵی (٢٠١٧) ەدا نزیکەی (١،٢ ملیۆن) کەس بەڕووداوی هاتوچۆ مردوون.
ئەو وڵاتانەی کە ئاستی بژێوی هاوڵاتیان باشترە و دەوڵەمەندن توانیویانە ڕێژەی مردن بەهۆکاری ڕووداوی هاتوچۆ لەماوەی دەیەی ڕابردوودا کەمبکەنەوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی مردن بەهۆکاری هاتوچۆ هێشتا بەرزە و وەکو خۆی ماوەتەوە.
هەروەها یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی مردن خۆکوشتنە، ئەو ڕێژەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، خۆکوژی دوو ئەوەندە زیاتربوە بەبەراوورد بە کوشتنی یەکێک لەلایەن یەکێکی دیکەوە.
لەبەریتانیا ڕێژەی مردن بەهۆی خۆکوژیە نزیکەی (١٦) ئەوەندە بەرزبۆتەوە و یەکێکە لەهۆکارە بەربڵاوەکانی مردنی پیاوانە لەتەمەنی (٢٠ بۆ ٤٠) ساڵی.


جۆری مردنەکان چیمان پێدەڵێن:
خەڵک بەچی مردون بەگوێرەی کاتەکان جیاوازبوون و بەپێی گەشە و پێشکەوتنی وڵاتانیش گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە.
لەماوەی رابردوودا نەخۆشیە بڵاوبۆوەکان یەکێک بوە لەهۆکارە گەورەکانی مردن، لەساڵی (١٩٩٠) دا یەکێک لەهەر سێ کەس مردوون بەهۆی نەخۆشیە بڵاوبۆوەکان، بەڵام لەساڵی (٢٠١٧) ەدا ئەو ڕێژە کەمبۆتەوە بۆ یەک کەس لەهەر پێنج کەس.
منداڵان لەوانەن کە کەمتوانان لەبەردەم نەخۆشیە بڵاوبۆوەکاندا، ئێستا لەجیهاندا بەشێوەیەکی گشتی مردنی منداڵان کەمبۆتەوە بەهۆی باشترکردنی سیستەمی تەندروستی و ئاستی پەروەردە و هۆشیاری.
مردنی منداڵان لەوڵاتە پێشکەوتوەکاندا زۆر دەگمەنە، وە لەوڵاتە هەژارەکانیشدا بەرەو باشیە. وە ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی گشتی لەجیهاندا ڕێگرتن لەمردنی منداڵان سەرکەوتنی هەبوە. مردنێکی دیکە بەهۆی نەخۆشی ئایدزەوەیە کە زیاتر بەربڵاوە لەوڵاتانی ئەفەریقادا، وە ئەویش گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، چارەسەرەکان و باشترکردنی شێوەی پەروەردە کاریگەری هەبوە لەسەر ئەو جۆرە مردنە. مردن بەهۆی نەخۆشیەکانی پەیوەست بەئایدزەوە لەماوەی دەیەی ڕابردوودا لە نزیکەی (٢ ملیۆن) ەوە بۆتە نیوە واتە (یەک ملیۆن)، وە ئەوەش وایکردوە لەو وڵاتانەی کە ئەو نەخۆشیەیان تێدا زۆربوە ئاستی تەمەن و ژیان باشتربێت.
شیاوی گوتنە، وێنەی ئەوڕۆی جیهان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی تەمەن و ژیان باشترە لەجاران، ئێمە زیاتر دەژین و، هەروەها ڕێژەیەکی کەمتریش لەمنداڵان دەمرن بەو هۆکارانەی کەدەکرێ ڕێگایان لێبگیرێت، وە ئەوەش ڕاستیە کە هێشتا ڕێگایەکی درێژمان لەپێشە تاوەکو وێنەی ئەوڕۆکەش باشتربکەین.
ئیشکردن لەبوارەکانی پاکوخاوێنی و، دەستبەسەرڕاگەیشتنی ئاوی پاک و، خواردەمەنی و، کوتان و، چاودێری تەندروستی بنەڕەتی لەو خاڵە گرنگانەی بەردەم باشترکردنی ئاستی تەمەن و ژیانن.

© 2017 Hawler