ئایار 21, 2019

ئەو پارتەی دژە كورد بوو لە توانەوە نزیكە

پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، لە 2 هەڵبژاردندا بە یەك لیست لەگەڵ ئاكپارتیدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، تەنانەت ئەگەر مەهەپە نەبوایە توركیا بە هیچ شێوەیەك نەیدەتوانی سیستەمی پەرلەمانی بەجێبهێڵێت و بچێتە ناو سیستەمی كۆماریییەوە. بۆیە ئەگەر هەیە مەهەپە وەكو پارت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لەگەڵ ئاكپارتیدا ببێتە یەك.

كاتێك مەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا ئۆپۆزسیۆنێكی سەخت بوو و دژی رەجەب تەییب ئەردۆغان و ئاكپارتی دەوەستایەوە، خاوەن جەماوەرێكی زۆر بوو لە توركیا و 81 كورسی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە چوە پاڵ ئەردۆغان و خۆی و پارتەكەی كردە پاشكۆش ئەوان.
ئاكپارتی نەیدەتوانی هەمواركردنەوەی دەستوور بخاتە ریفراندۆمەوە ئەگەر مەهەپە نەبوایە، چونكە لەناو پەرلەمان پێویستی 2 لەسەر سێی دەنگەكان بوو تا بتوانێت دەستوور بخاتە ریفراندۆمەوە و ئەوكاتیش ئاكپارتی 317 كورسی هەبوو لە كۆی 550 كورسی پەرلەمانی، بۆیە مەهەپە فریای كەوت و بە یەكەوە توانیان هەمواركردنەوەی دەستوور بخەنە ریفراندۆمەوە.
هەر لەو كاتەوە مەهەپە خۆی خستوەتە باوەشی ئاكپارتی و هەموو هەنگاوێكی سیاسی بە یەكەوە دەنێن و بەیەكەوەش بڕیارە گرنگەكان دەدەن.
مەهەپە كە دوژمنێكی سەرسەختی كوردە و بەردەوام دژایەتی كورد دەكات، دەستێكی باڵای هەبوو لە تواندنەوەی پرسی چارەسەری لە توركیا، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی مەهەپە بۆ پاڵپشتی كردن لە سیستەمی سەرۆكایەتی هەڵوەشانەوەی پرسی چارەسەری بوو، بۆیە ئێستاش كە ئەردۆغان توندە بەرامبەر بە هەدەپە، ئەوە مەهەپەیە زۆری لێ دەكات بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەدەپە و كورددا بكات.
مەرال ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش، كە پێشتر ئەندامی سەركردایەتی مەهەپە بوو و دوای ئەوەی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە نێوانیان تێچكوو پارتێكی تازەی بە ناوی پارتی باش دامەزراند، پێیوایە لە داهاتوو مەهەپە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەچێتە ناو ئاكپارتی.
ئاكشەنەر وتەیەكی ئەردۆغان و باخچەلی دەهێنێتەوە كاتێك گوتوبویان تا مردن كاری هاوبەش بە یەكەوە دەكەین، ئەمەش پەیامێكە تا ئەو 2 پارتە یەك بگرن.
پارتی باش كە ئەویش هەر پارتێكی نەتەوەپەرستی توركیایە، دەیەوێت خۆی وەكو جێگیرەوەی مەهەپە پیشان بدات، بۆیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا لە 24ی حوزەیران توانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت 10%ی دەنگەكانی هێنا و بوە خاوەنی 44 كورسی پەرلەمانی. واتە ئەگەر مەهەپە خۆشی هەڵبوەشێنێتەوە و بچێتە ناو ئاكپارتی، توركیا لە پارتی نەتەوەپەرستی رزگاری نابێت، چونكە پارتی باش لە هەناوی مەهەپە لە دایك بوە.
ئەگەرچی مەهەپە مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە لە توركیا و بەردەوام پارتێكی كاریگەر بوە، بەڵام ئەگەر بێت و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا دووچاری شكست ببێتەوە و پارتی باشیش سەركەوتن بە دەست بهێنێت كە خۆی وەكو جێگیرەوەی مەهەپە دادەنێت، ئەوكات 2 رێگا لەبەردەم مەهەپەدایە، یان خۆ هەڵوەشاندنەوە و چوونە ناو ئاكپارتی. یاخود هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەتەكەی لەگەڵ ئاكپارتی و ئەوكاتیش توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
رەنگە هەڵوەشاندنەوەی مەهەپە ئەستەم بێت، بەڵام بچووك كردنەوەی ئەو پارتە و پشتگوێ خستنی لە لایەن دەنگدەرەكانییەوە، بە مانای تواندنەوەی ئەو پارتە دێت، هەروەكو چۆن پارتی سەعادەت و پارتی چەپی توركیا تەنیا ناویان پارتە و لە هەڵبژاردنەكاندا خاوەن هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نین، مەهەپە بەو سیاسەتەی ئێستایەوە زەنگی بچووك بوونەوەی خۆی لێ دەدات.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler