ئازار 31, 2020

سەلاحەدین دەمیرتاش:قەدەری ئاكپارتی لەلایەن هەدەپەوە دیاری دەكرێت

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە تازەترین دیمانەیدا ئاشكرای دەكات ئەگەر لە جێگەی ئاكپارتی بوایە گرنگی بە هەدەپە دەدا، چونكە ئیدی لە توركیا لەرووی سیاسییەوە هەدەپە قەدەری ئاكپارتی دیاری دەكات.

دەمیرتاش لە تازەترین دیمانەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (T24)ـی توركی، پێیوایە لە زیندان بێت ئازادترە وەك لەوەی لە دەرەوەی زیندان بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەك پیاو، كە مەبەستی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیایە.
دەمیرتاش دەڵێت: "لە جێگەی ئاكپارتی بومایە، دەستم بە بنكەی جەماوەری هەدەپەوە دەگرت، چونكە ئیدی قەدەری سیاسی ئاكپارتی بە هەڵوێستەكانی هەدەپەوە بەندە و هەدەپە قەدەری ئاكپارتی دیاری دەكات لەرووی سیاسییەوە".
رەخنەش لە سەركردایەتی جەهەپە دەگرێت، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا و دەڵێت ئەوانیش وەكو پارتی دەسەڵات، لەبارەی ئاشتییەوە زۆر بێ ئیرادە و بێ داواكارین.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەمیرتاش پێیوایە، دەبوایە لە بری ئەمریكا و روسیا كوردەكان توركیایان هەڵبژاردایە بۆ هاوكاریكردن باشتر دەبوو، چونكە هاوكاریكردنی توركیا بۆ كورد لە ناوچەكە پێویستترە لەو 2 وڵاتە.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە 4_11_2016 لە لایەن ئاساییشی توركیاوە دەستگیركرا و، تۆمەتی تیرۆرستی دراوەتە پاڵ.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler