ئازار 31, 2020

بەریتانیا جیابونەوە یان ڕیفراندۆمی دووەم؟

مشتومڕەکانی پرسی برێگزیت تادێت گەرمتردەبن، ئەوە لەکاتێکدایە کە نزیکەی دوو مانگ کات ماوە بۆ وادەی دەرچونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا. حکومەتی بەریتانیا کاردەکات بۆ تەواوکردنی ڕێکەوتنی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا تاوەکو پشتگیری پەرلەمان بەدەستبهێنێ بەڵام لەئەگەری سەرنەکەوتنی ئەو پرۆژەیەدا چەند بژاردەیەکی دیکە دێنەپێش کە یەکێکیان لەوانەیە ڕیفراندۆمێکی تازەبێت، لەو ڕیفراندۆمەدا جیابونەوە یان مانەوە دوو بژاردە دەبن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پارتی کاری بەریتانیا ڕایگەیاندوە پشتگیری ڕیفراندۆمی دووەم دەکەن بۆ پرسی برێگزیت لەئەگەری ڕەتکردنەوەی پلانەکەیان کە بۆ جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا هەیانە.
ماوەیەکی کەم لەبەردەمدایە بۆ جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا کە کۆتا وادەی دیاریکراو (٢٩)ی (ئازار) ی (٢٠١٩)یە، لەو ماوەیەدا (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیران خوازیاری ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکانە لەڕێکەوتنەکەیدا تاوەکو پرۆژەکە لەپەرلەمان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بەریتانیا لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێکەوتن لەیەکیەتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وادەی دەنگدانی پەرلەمانی دواخست بۆ (١٢ی ئازار)، لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ تاوەکو پرۆژەکە بەچاککراوی بهێنێتەوە پەرلەمان بەڵام ئەو پرۆژەیەی پارتی کاری بەریتانیا هیوایەکانی سەرۆکوەزیران بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی پەرلەمان لەسەر دەستکاریکردنی پرۆژەکەی تێکدەشکێنێت لەڕێگەی سەرنجڕاکێشانی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەنگیان بەڕێکەوتنەکەی (مەی) دا تەنها لەبەرئەوەی بەریتانیا بەبێ ڕێکەوتن نەچێتەدەرێ دەنا لەڕاستیدا پاڵپشتی ڕیفراندۆمی دووەم دەکەن، ڕای خەڵکی بەگرنگ دەزانن بۆ ئەو پرسە ئاڵۆزە.
پەرلەمانی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە (٢٧ی شوبات) کۆبونەوەیەک ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی قۆناغەکانی جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا، لەو کۆبونەوەیەدا پەرلەمانتارەکان پرۆژەکانیان دەخەنەڕوو و لەوانەیە یەکێک لەبڕیارەکان دانانی ڕێکەوتنی جیابونەوەبێت تاوەکو خەڵکی دەنگی لەسەربدەن، پەرلەمان لێرەدا مەبەستیەتی ڕای گشتی ڕێکەوتنی دەرچون لەیەکیەتی ئەوروپا یەکلایی بکاتەوە.
پارتی کاری بەریتانیا چەند دەستکاریکردنێک دەخاتەبەردەم پەرلەمانتاران بۆ پرۆژەی جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا، لەدیارترینیان هەبوونی ئەندامیەتی هەمیشەیی بەریتانیا لەیەکیەتی باج و گومرگەکان و، وە مانەوە یان نزیکی بەریتانیا لەبازاری هاوبەشی یەکیەتی ئەوروپادا دەبن.
لەو بارەیەوە (کێیەر ستارمەر) گوتەبێژی پارتی کاری بەریتانیا لەتویتەردا نوسیویەتی، ئەگەر بێتو پەرلەمان پلانەکەی ڕەتکردنەوە، ئەوا پارتی کاری بەریتانیا بەڵێنەکەی دەباتەسەر کە لەکۆنفرانسی ساڵانەیاندا داویانە و پشتگیری دەنگدانی گشتی دەکەن. وە بەپێی ڕاپۆرتەکە، چاوەڕێ ناکرێ پەرلەمان پاڵپشتی پلانەکەی پارتی کاری بەریتانیا بکات.
پارتی کاری بەریتانیا دەڵێ، ئەوان پاڵپشتی پرۆژەکەی (یوڤیت کوپەر) دەکەن کە پەرلەمان دەسەڵاتی یاسایی بەکاربێنێت بۆ فشارکردنە سەر (مەی) تاوەکو برێگزیت دوابخات و ماددەی (٥٠) درێژبکاتەوە، بەئامانجی درێژکردنەوەی کاتی دانوستانەکان.
هەروەها (جێرمی کۆربین) سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا گوتی، ئێمە پابەندین و هەروەها ئەوە دەخەینەڕوو و پاڵپشتی دەستکاریکردنێک دەکەین کە لەبەرژەوەندی دەنگدانی خەڵکیدا بێت تاوەکو ڕێگری لەتێکشكانی برێگزیت بکات کە پارتی پارێزگاران بەفشار خستویانەتە سەر وڵات. هەروەها گوتیشی لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانماندا هەموو شتێک دەکەین تاوەکو ڕێبگرین لە دەرچون بەبێ ڕێکەوتن.
شیاوی باسکردنە، پارتە سیاسیەکانی بەریتانیا لەژێر فشاری سیاسیەکان و، پەرلەمانتارەکانیاندان تاوەکو جیابونەوەیەکی مانادار بۆ بەریتانیا مسۆگەربکەن.
پارتی پارێزگاران کە پارتی دەسەڵاتدارە بەشی زۆریان پاڵپشتی پرۆژەکەی حکومەت دەکەن بۆ جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا بەمەرجی ئەو دەستکاریکردنەی کە پەیوەستە بە (باک ستۆپ) ی سنوری ئێرلەنداوە، هەڵبەتە لەو ماوەیەدا حکومەت دەیەوێ لەگەڵ لایەنی یەکیەتی ئەوروپا چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە دابنێ و پرۆژەکە بۆ دەنگدانی کۆتایی بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمانی بەریتانیا تاوەکو دەنگدانێکی ماناداری لەسەر بکرێت.
پارتی کاری بەریتانیا بەو ڕێکەوتنە ڕازی نیە و ئەوانیش پلانی خۆیان هەیە، ئەو جوڵە تازەیەی پارتی کار بۆ ڕیفراندۆمی دووەم پاڵپشتی پارتی لیبڕاڵ دیموکڕاتەکانیشی دەبێت ئەگەر بێتو لەپەرلەمان سەرکەوێ، وە دەنگە ناڕازییەکانیش بۆ لای خۆی ڕادەکێشێتەوە.
بەریتانیا تەنها نزیکەی دوو مانگی ماوە تاوەکو لەیەکیەتی ئەوروپا جیابێتەوە کە کۆتا وادە (٢٩ی ئازاری ٢٠١٩) یە، لەو ماوەیەدا یان دەبێ ئەو ڕێکەوتنەی کە هەیە قبوڵی بکەن، یان دەرچون بەبێ ڕێکەوتن ئەنجامدەدرێ یان بژاردەی کۆتایی گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل و، بەدەنگی خەڵک ئەو پرسە ئاڵۆزە یەکلایی دەکرێتەوە.
هەر دەنگی خەڵکیش بوو کە لەحوزەیرانی ساڵی (٢٠١٦) ەدا و، لەڕیفراندۆمێکدا بەڕێژەی (٥٢%) دەنگیان بەجیابونەوە لەیەکیەتی ئەوروپادا، پێدەچێت هەر دەنگی خەڵکیش برێگزیت یەکلایی بکاتەوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 27 شوبات 2019 11:14
© 2017 Hawler