تەمموز 22, 2018

مێژووی کۆبونەوەکانی کۆریای باشور و باکور لەسەر ئاستی لوتکەدا

یارییەکانی زستانەی ئۆڵۆمپیک دەرفەتێکی لێکنزیکبونەوەی هەردوو کۆریای دروستکردوە و، بوبەهۆی ناردنی وەفدێکی باڵای کۆریای باکور بۆ کۆریای باشور و دیدار و کۆبونەوە و بانگهێشتنامەی فەرمی. ئەمەریکا بەهۆشیارییەوە لەو دەرفەتانەی داهاتو دێن دەڕوانێت، ئەو هەوڵانەی کۆریای باکور تاڕادەییەک وەکو پروپاگەندە و گەمەی سیاسی دەبینێ بۆ ڕاکێشانی کۆریای باشور هێورکردنەوەی فشارە ئابورییەکانی سەری.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) بانگهێشتنامەی (کیم جۆن ئون) ی سەرۆکی کۆریای باکور بۆ (مون جای ئین) سەرۆکی کۆریای باشور دەرفەتی کردنەوەی دایالۆگی نێوان هەردوو کۆریایە لەسەر ئاستی لوتکەدا کە بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠ ساڵە) ئەو کۆبونەوەیە ڕووی نەداوە.
بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی کۆریای باکور لەلایەن (کیم یۆجونگ) ی خوشکی سەرۆکی کۆریای باکورەوە گەێندراوەتە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشور، بەپێی ڕاگەێنراوی فەرمی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشور (مون جای ئین) ی بەشێوەیەکی (کرداری) ئەو دەرفەتەی قبوڵکردوە و، چاوەڕێدەکرێ لەئایندەییەکی نزیکدا ئەو دیدارە ڕووبدات، سەردانی سەرۆکی ئێستای کۆریای باشور دەبێتە سێیەمین کۆبونەوەی لوتکەی نێوان کۆریاییەکان لەئاستی لوتکەدا.

یەکەم کۆبونەوەی لوتکە لە حوزەیرانی (٢٠٠٠) دابوو:
(کیم دای جونگ) ی سەرۆکی ئەوسای کۆریای باشور کە نۆبڵی ئاشتی بەهۆی سیاسەتی تێکەڵاوی و لێکنزیکبونەوەی لەگەڵ کۆریای باکوردا بەدەستهێنا، سەردانی پیۆنگ‌یانگی کرد بۆ ئامادەبوون لەکۆبونەوەی لوتکەی هەردوو وڵاتدا لەگەڵ (کیم جونگ) ی سەرۆکی کۆریای باکور کۆبۆوە.
ئەو دوو سەرۆکە سێ ڕۆژی بەردەوام خەریکی کۆبونەوە بوون، وە بەهاوبەشی ڕاگەێنراوی ئاشتیان بڵاوکردەوە و، ڕازیبون لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ یەکتری و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانیشیان.
ئەو کۆبونەوەیە بوبەهۆی ئەوەی چەندین خێزانی دابڕاوی هەردوو بەشی کۆریایەکە یەکتری بگرنەوە کەبەهۆی جەنگی نێوان کۆریای باکور و باشور لەساڵانی (١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣) پەرتەوازە ببون نێوان هەردوو وڵات ببون.
ئەو کۆبونەوەیە هەر لەسەر ئاستی هەردوو وڵاتدا کاردانەوە و دەنگدانەوەی نەبوو، بەڵکو ئەمەریکا و کۆریای باکوریش لەسەر ئاستی باڵادا قسە و گفتوگۆیان لەسەر پرۆگرامی ناوەکی کۆریای باکور ئەنجامدا.

دووەم دیداری لوتکە لە تشرینی یەکەمی (٢٠٠٧) دا ڕوویدا:
لە(ئەیلول) ی ساڵی (٢٠٠٥) دا شەش وڵاتەکە لەکۆبونەوەکانی دەستبەرداربونی کۆریای باکور لەپرۆگرامی ئەتۆمی ڕێکەوتن، ئەو شەش وڵاتە پێکهاتبون لە (ئەمەریکا و، چین و، ژاپۆن و، ڕووسیا و، کۆریای باکور و، کۆریای باشور).
بەپێی ئەو ڕێکەوتنە (پیۆنگ‌یانگ) بەرنامە ئەتۆمیەکەی دەبێ ڕابگرێت و لەبەرانبەردا یارمەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەسەردابکرێتەوە بەتایبەتی لەبواری ئابوری و وزەدا، هەروەها کۆتاییش بەوەلانانی دیبلۆماتی لەسەری بهێنرێت.
دوای ئەو ڕێکەوتنە و لەساڵی (٢٠٠٧) دا، (ڕۆ موو هایون) ی سەرۆکی ئەوسای کۆریای باشور سەردانی کۆریای باکوری کرد و لەگەڵ (کیم جونگ) ی سەرۆکی پێشوی کۆریای باکور کۆبۆوە.
کۆبونەوەی لوتکەی ئەو جارەش تاڕادەییەکی باش بەرهەمدار بوو، هەردوو لا لەسەر هەشت خاڵ ڕێکەوتن بەتایبەتی لەسەر مشتومڕەکانی چۆنیەتی چارەسەرکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی کۆریای باکور و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی پێشوی تایبەت بەو پرسە کە لەساڵی (٢٠٠٥) دا واژۆکرابوو.
لەخاڵەکانی دیکەی نێو ئەو ڕێکەوتنە بریتیبون لەکۆتایهێنان بەهەوڵە شەڕانگێزییەکان و لەڕێگای دایالۆگ و گفتوگۆوە و، بەرفراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگیە ئابورییەکان و پەرەپێدانی بازرگانی نێوان هەردوولا و، دروستکردنی زۆنێکی هاوبەشی ئابوری لەنێوان هەردوو وڵات و وڵاتانی دیکەدا.
ئەو ڕێکەوتنە ئەگەرچی لەڕواڵەتدا بەئەرێنی و ئومێدبەخش دەنگیدایەوە بەڵام زۆری بڕنەکرد و زوو کۆتایی پێهیات، چونکە کۆریای باکور پەشیمان بۆوە و دەستیکردەوە بەتاقیکردنەوەی موشەکەکانی و توڕەکردنی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی بەشدار لەڕێکەوتنەکان.
شیاوی باسکردنە، لەوەتەی ساڵی (٢٠٠٧) ەوە کۆبونەوەی لەسەر ئاستی سەرۆکی هەردو وڵاتدا ڕووینەداوە، سەردانی (مون) بۆ کۆریای باکور دەبێتە سێیەم سەردان و کۆبونەوەی سەرۆکایەتی ئەو دوو وڵاتە لەمێژووی ئاڵۆزی لەپەیوەندییەکانیاندا.
قسەوباسی کۆبونەوە و نزیکبونەوەی هەردوو کۆریا پێناچێت لەلایەن ئەمەریکاوە پێشوازی لێبکرێ، واشنتن دەیەوێت هەوڵەکان بۆ فشارخستنە سەر کۆریا باکور چڕتربکرێنەوە لەڕێگای سزا ئابورییەکانەوە تاوەکو دەستبەرداری هەڕەشە ئەتۆمیەکەی و تاقیکردنەوەی موشەکەکانی بێت.
لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی (٢٠١٧) دا کۆریای باکور گەورەترین تاقیکردنەوەی ناوەکی ئەنجامدا، کە شارەزاییان دەڵێن ئەو موشەکە بالیستیەکەی تاقیکردۆتەوە توانای گەیشتن بەهەر شوێنێکی ئەمەریکای هەیە.
لەبارەی هەوڵەکان و مەرامەکانی کۆریای باکورەوە لەئێستادا(کیم سونگ هان) پرۆفیسۆر لەزانکۆی کۆریا لەسیئۆل گوتی، ئەوە هەوڵێکی بەهێزە لەلایەن کۆریای باکورەوە بۆ دابڕاندنی کۆریای باشور و ئەمەریکا لەیەکتری.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆریای باشور هەنگاوی نزیکبونەوە بەبێ ڕاوێژی ئەمەریکا ناهاوێژێ، لەو بارەیەوە سەرۆکی کۆریای باشور ئاماژەی بەوەداوە دایالۆگی پێشوەختە لەگەڵ ئەمەریکا بەر لەگەشەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا گرنگە و دەبێ ئەنجامبدرێ.
هەر لەسەر ئەو دۆخە تازەیەی نێوان هەردوو کۆریا (مایک پێنس) ی جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایش لەو بارەیەوە لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (ئێن‌بی‌سی) گوتی، من زۆر دڵنیام، وە سەرۆک ترەمپیش هەروەها، کە سەرۆک (مون) درێژە بەمانەوە و وەستان لەگەڵ ئێمەدا دەدات لەکەمپەین و فشارە توندەکانمان بۆ سەر کۆریای باکور.
هەڵبەتە کۆریای باکور و کۆریای باشور لەنێوان ساڵانی (١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣) لەپەیوەندییەکی ئاڵۆزاوی و شەڕدابون، لەدوای ئەو کاتەوە ئاگربەست لەنێوانیاندا هەیە بەڵام ڕێکەوتنی ئاشتی بەردەوام هێشتا لەنێوانیاندا دروستنەبوە، بۆیە دەکرێ بگوترێ لەوەتەی کۆتایی بەشەڕەکەیان هاتوە لەساڵی (١٩٥٣) دا هێشتا ئەو دوو وڵاتە بەشێوەیەکی تەکنیکی هەر لەشەڕدان.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.